وتار
  لەبارەی دەستوورەوە
سالار مەحمود

بۆ ھاوڕێیانم د. شاھۆ سەعیدو عەدنان عوسمان

ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت زۆر جیاوازترە لەوەی دوێنێ لەبارەیەوە دەگوترا. بەو مانایەی ھەموو ئەو حزبە سیاسیانەی پرسی بە دەستورییکردنی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستانیان کردبووە بەشێک لە گوتاری سیاسی و بانگەشەی ھەڵبژاردن. دەرکەوت لە سات و کاتی پێویستدا بێدەنگ و، لەدوای باران باس باسی (فەرەنجیە). ئەمەش لە کورتترین مەودادا دەرخەری ئەو راستیە تاڵەیە کە کەمن یان ھەر دەگمەنن دەستور خوازان. بەدەستوریکردنیش مانای ھاتنە ژێر باری گۆڕانکاریی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەمانایەکی تریش واتە لێدان لەبەرژەوەندیە نا مەشروعەکان. لەوەش زیاتر گرتنەبەری رێچکەیەکی نوێی حوکمڕانیی.
دەمەوێت لە بارەی پرسی دەستورو بەتایبەتیش لەسەروەختی گەڵاڵەکردنی پڕۆژەی (پیاچوونەوەو ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستور بۆ راپرسی) کە دواتر (پیاچوونەوە)کەی بە زۆرینەی دەنگ لابرا. چەند وردەکاریەک بۆ ھەردوو ھاوڕێیانم د. شاھۆ سەعیدو کاک عەدنان عوسمان و رای گشتی بخەمەڕوو، لەو روانگەوەی ئەم دوو ھاوکارەی خولی پێشووی پەرلەمان لە دوو نوسیندا بە جوانی لەلایەک درکیان بە بەشێک لەھەنگاوەکانی لەباربردنی پرسی دەستورو ھەڵوەشانەوەی ھەنگاوە سەرەتاییەکان کردوە. لەلایەکی تریشەوە گەمە زمانەوانیەکانیان لەپێناو بەتاڵکردنەوەی ئەم ھەنگاوە بەسەرچووانە باش خوێندۆتەوە. بەتایبەتیش لە سۆنگەی سیناریۆی ئامادەکردنی لیژنەی ٢١ کەسیەکەوە.
ئەوەی ئێستا روودەدات سەبارەت بە پڕۆژەی دەستور کتومت پێبزانرێت یان نەزانرێت جۆرێکە لە (گەمژاندنی یاسایی). چونکە ھەمووان دەزانن لەم خولەی پەرلەماندا ئەو ھەنگاوانەی گرنگترین و پێویستترین بوو لە ھەفتەی یەکەمی دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە (٢٩-٤-٢٠١٤ ھەڵبژێردرا) بگیرایەتە بەرو کاری لەسەر بکرایە، بابەتی ھەموارکردنی پرۆژەی دەستوور بوو، وەک پرسێکی ستراتیژیی سیاسی یاسایی.
دەمەوێت یاسای ژمارە (٤) (یاسای ئاماەکردنی دەستور بۆ راپرسی) بکەمە دەروازەیەک بۆ گەیاندنی پەیامەکەم بەتایبەتیش ھەردوو (کاک شاھۆو کاک عەدنان)یش زیاتر لەسەر ئەم پرسە ھەڵوەستەیان کردووە. بەڵێ ئەم یاسایە بابەتی (ھەموارکردنەوە)و (پیاچوونەوە)شی نەک ھەر بەتاڵکردەوە، بەڵکو قبوڵ نەکرا لەناو یاساکەدا بمێنێتەوە. لە کاتێکدا دەستەواژەی (پیاچوونەوە) لەناو ئەسڵی پڕۆژەکەدا ھەبوو.
ئەو پڕۆژە یاسایەی (٦١) ئەندام بەسەرۆکایەتی سەرۆک و جێگرو سکرتێریشەوە واژۆیان لەسەر کردبوو. لەمەش سەیرتر سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بەداخەوە دەستەواژەی (ھەموارکردنەوە) بەدەستەواژەیەکی نایاسایی ناو دەبات! بۆیە ئەم نمونەیەشم ھێنایەوە، چونکە د. شاھۆ سەعید لە نوسینەکەی خۆیدا ئاماژەی داوە بەو (ھەڵانەی بەتایبەت بەسەر بەشێک لەیاسا دانەرانی گۆڕان) تێپەڕیوە. ھەرچەندە ھەوڵدرا رێچکەکە لە ئاراستەکەی خۆی بەو درەنگ وەختیەشەوە لانەدرێت، بەڵام بە"دەنگی زۆرینە" پڕۆژەکە لەمەبەستە ھەقیقیەکەی خاڵی کرایەوە. لەبەرئەوە بەندە دەنگی بەڵێم بەو یاسایە نەداوە. بەتایبەتیش دوای ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر سەکۆی سەرۆکایەتیەوە رایگەیاند ئەشێ لەسەر بنەمای ئەم یاسایە پڕۆژەیەکی نوێی دەستور بنوسرێتەوە.
پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە بۆو لەپێناو چیدا ئەمە کرا؟ بۆچی رازینەبوون دەستەواژەی ھەموارو پیاچوونەوە لە یاساکەدا بچەسپێت؟ ساتەوەختی دەرکردنی یاساکە وەڵامی بەشێک لە پرسیاەکەی دایەوە کە ئەمەیان لە پڕۆتۆکۆڵدا دەنوسرێتەوە. بەشێکی تریش دەمێنێتەوە بۆ چەند مانگی داھاتوو. بەڵام ھەر لەو سەروبەندەدا ئەوەش روون بوەوە وەک کاردانەوەیەک ناویسترێت دوورو نزیک دانبنرێت، بە یاسای ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠١٣. چونکە لەمادەی دووەمیدا بە روونی ھاتووە (پڕۆژەی دەستوریی ھەرێمی کوردستان ھەموار دەکرێتەوە بەسازان) لە یاساکەشدا دوا ماوەی زەمەنی دیاریکردوە کە تا٢٠-٨-٢٠١٥ دەبێت پڕۆسەکە بەئاکام گەیشتبێت..
ھەروەھا ئەم یاسایە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٥ ھەڵگری کۆمەڵێک ئیشکالی ترە کە بەشێک لەوانە لەناو ھۆڵی پەرلەمان مشتومڕی توندو گفتوگۆی زۆریشی لەسەرکرا، بەڵام بەداخەوە بەھەمان ریتمی جاران بەزۆرینەو کەمینە تێپەڕێنرا. واتە زوو درک بە مراندنی پرۆسەکە کرا، بەڵام بۆئەوەی دواجاریش نەوترێت رێگری ھەیە لەناو ھۆڵی پەرلەمان بۆ دەرچوونی یاسایەک کە تایبەتە بە بابەتی دەستورو (اچعف الایمان) دژایەتی نەکرا. ھەرچەندە زیاتر لە چوار مانگ پڕۆژەکە لەلیژنەی یاسایی قەتیسکرا، لەکاتێکدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێت لەماوەی ١٠ رۆژدا راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکرێت بۆ ناو ھۆڵی پەرلەمان.
پێویستە ئەوە روونبێت ئەم بێدەنگیکردنە لە ھەرە زۆربەی لایەنەکانەوە ئاماژەی خەمناکن بە رازیبوون بە دۆخێک لەسەرووی یاساوە، یان داتاشینی بیدعەی یاسایی ئەوتۆ لەسەر بنەمای پرۆسەی سیاسی و ھەبیەتی یاسایی. لەبەرئەوە نوخبەی خوێندەوارو چاودێران گەرەکە وردترو نزیکتر بۆ ئەم بابەتە بە ئاگاییەوە لەسەر خەت بن. درەنگ کەوتن لەدەرکردنی یاسای ئامادەکردنی دەستوور وایکرد، ھەڵەی گەورە بکرێت و بەپێچەوانەی ئەوەی پێویستە کە بکرێت یاساکە دەرکرا. لەکاتێکدا نەک پەرلەمانتاران خۆیان، بەڵکو ھەر کەسێک نەختێک رۆشنبیریی یاسایی ھەبێت، دەزانێت لەماوەی یاسایی خۆیدا لیژنەکەو پەرلەمانیش ناتوانن پرسی ھەموارکردنەوەی دەستور بگەیەننە ئاکام کە دەبێت ئەم پرۆسە لە ١٩-٨-٢٠١٥ ھەموو ھەنگاوەکانی تەواو کرابێت.
ئاکام وێڕای نرخاندنی سەرنجەکانی ھەردوو برای نووسەر، دڵنیام لەتێگەیشتنی تەواو بۆ بایەخی دەستورو خەمی بەدەستوریکردنی دامەزراوەکانی ھەرێم لەم بابەتەدا ھاتونەتە سەر خەت. بەڵام دەبوو ھەم ئەمان و چاودێرانی تریش زووترو لەنزیکەوە درکیان بە تێپەڕاندنی ئەم ئیشکالیەتە کوشندانە بکردایەو رۆڵییان ببینیایە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای کاردانەوە کار لەسەر ئەم پرسە نەکرایەو، لەکاتی بەسەرچوودا ھەنگاوی بۆ نەھاوێژرێت. لە ئێستاشدا ھەر بۆ پرسی دەستورو پرسە چارەنووسسازەکانی تریش، بەپێویستی دەزانم ئەندامانی پێشووی پەرلەمان بەتایبەتی و بەتایبەتتریش یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان، ھانبدەم لە نزیکەوە ھاوکارو لەسەر خەتبن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستاندا بۆ ئەوەی پەرلەمان لە پرۆسەی یاساداناندا ئاستی لاوازیی لەوە زیاتر تێنەپەڕێنێت. ھەمووانیش بەشداربن لە چەسپاندنی دەستورێکی مۆدێرن و سەردەمیی کە خواستی ھەرە زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەخۆ بگرێت بەتایبەتیش سیستمێکی پەرلەمانی راستەقینە.


3 ساڵ پێشتر - May 19 2015 2:23PM
‌زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
Address: Iraq - Kurdistan - Sulaimany
Tel: 07480172102 | Email: [email protected]