وتار
   لەبەرژەوەندی کێ یە ؟
د.ڕێکەوت حەمەڕەشید

ھەوڵدان بۆ لەدەستدانی متمانەی ھاووڵاتیان بەکەرتی تەندروستی ، لەبەرژەوەندی کێ یە

ئاشکرایە کەرتی تەندروستی لەھەر ووڵاتێک بەگوێرەی چەند پێوەرێکی نێودەولەتی و زانستی پزیشکی ھەڵدەسەنگێندرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت وەک پێوەرەکانی ڕێژەی مردنی منداڵانی خوار تەمەن یەک ساڵ و پێنج ساڵ و ڕێژەی مردنی دایکی دووکیان ، خۆشبەختانە ئەم پێوەر و ڕێژانە لەھەرێمی کوردستان ساڵ دوای ساڵ باشتردەبێت ئەمەش مانای باشتربوونی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانە لەھەرێم.
زۆربەداخەووە چەند رۆژێکە لە ھەندێک کەناڵی ڕاگەیاندن دوورە لە ئاکاری رۆژنامەوانی و بنەماکانی کاری رۆژنامەوانی کە بەرژەوەندی گشتی یە، چەند ھەواڵ و ریپۆرتێک لەسەر کەرتی تەندروستی لەھەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە ، دڵنیانین بەچ مەبەستێک ئەو ئاراستەیە لەکاری راگەیاندن دژ بە بەرژەوەندی گشتی ھاووڵاتیان لەکەرتی حکومی تەندروستی دەگیرێتەبەر ، بۆ دەبێت ماندووبوون و دلسۆزی و شەونخونی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بەھەند وورنەگیرێت و ھەوڵی ناوزارندیان دەبێت لەبەرژەوەندی کێ بێت ؟ 
لەکەناڵی NRT ، بەشێوەیەکی دوور لە ئاکاری رۆژنامەوانی دانپیانراوی گشتی دزەدەکرێتە نێو نەخۆشخانەکانمان لەکاتێکدا ھیچ کاتێک دەرگای نەخۆشخانەکان لەھیچ شوێنیکی ئەوکوردستان بەڕووی ھیچ ڕاگەیاندکارێک دانەخراووە ،چ پێویست دەکات بەوشێوەیە بچیتەنیو نەخۆشخانەکان ؟ ئاماژەکردن بەھەڵەی پزیشکی شتێکی نامۆ نی یە لەدونیای پزیشکی و رۆژنامەگەریدا لەھەموو وولاتانی دوونیا بەوولاتەپێشکەوتووەکانیشدا بەووێنە ئەمەریکا (ساڵانە ٢١٠٠٠٠ _ ٤٠٠٠٠٠ ھەلەی پزیشکی، سێیەم ھۆکاری مردنە لەو ووڵاتە) و ئەڵمانیا (ساڵانە ١٩٠,٠٠٠ ھەلەی پزیشکی و مردنی ٢٠,٠٠٠ ھاووڵاتی بەھۆی ھەلەی پزیشکی ) بەگوێرەی ئامارەکان ساڵانە ھەزاران حالەتی ھەلەی پزیشکی لەنەخۆشخانەکانی ئەو ووڵاتانە تۆماردەکرێت ، ناکرێتە بابەتی رۆژنامەوانی و بازاری میدیا و کەنالەکانی پێ گەرم ناکرێت چونکە ئەوەیان دژ بە بەرژەوەندی گشتی یە . کەرتی تەندروستی لەھەرێمی کوردستان وەک ووڵاتانی تر دوور نی یە لەھەڵەی پزیشکی بەڵام لە ڕیپۆرتەکە دەگوترێت گوایە کەس لێی نەپرسراوەتەوە ئەمەش دوورە لەراستی بۆنمونە بەتەنھا لەساڵی ٢٠١٤ دا زیاتر لە(١٦٠) لێژنەی لێکولینەوە ھەبووە بەئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی کە سزادانی جۆراوجۆر ھەبووە بەگوێرەی حالەتەکان و چەندین کەیسیش ڕەوانەی دادگاکراوون .
ھەر بۆ ھەمان بابەتی ڕاپۆرتەکەی NRT بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕاسپێردراووە بۆ ئەنجامدانی لێکۆلینەوە .
سەبارەت بە راپۆرتێکی کەناڵی ڕووداو تایبەت بەنەخۆشخانەی منداڵان لەھەولێر ، ئێمە دەزانین بوونی یەک نەخۆشخانەی منداڵان دەرەقەتی ئەو ژمارەی زۆرەی دانیشتووان بەقورسایی زۆری ئاوارەکانیشەوە نایەت دەزانین نەخۆشخانەی منداڵانی ھەولێر کەخۆی بەشی ھاوولاتیانی شارەکە ناکات بەلام سەدان ھەزار ئاوارەشی بۆ ھاتووە بێ گومان دەرەقەتی ئەو ژمارەزۆرە نایەت ، بەڵام ئێمە لەکابینەی حەوتەم بەبڕی زیاتر لە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بەردی بناغەی (٢٠) نەخۆشخانەی جۆراوجۆرمان داناووە کە دەکاتە (٢٠٠٠) تەختی نەخۆش ، بەتەنھا بۆ ناوشاری ھەولێر ،نەخۆشخانەی (٣٣٠ ) تەختی گشتی ، (٢٠٠) تەختی لەدایکبوون و (١٠٠) لە خەبات و چەندنین نەخۆشخانەی تر لە حریر ، رواندوز ، سەنتەری تالاسیمیا و کۆگای ناوەندی دەرمان ھەروھا لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت ڕێککەوتبووین بەبڕی (٢٠٠ ملیۆن دۆلار) سێ نەخۆشخانە لەشاری ھەولێر دروست بکەین بەقەرزی درێژخایەن ئەوانیش نەخۆشخانەی (٣٠٠) تەختی منداڵان ، (٢٠٠) تەختی دەروونی و (١٠٠) تەختی چاو بەڵام چی بکەین کە قەیرانی دارایی سەرجەم ئەو پرۆژانەی وەستاند ، ئەو ھەنگاوانەمان بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی کەرتی تەندروستی دەسپێک بوو بۆ ھەنگاوەکانمان لەکابینەی ھەشتەم بۆ ئەنجامدانی ریفۆرمی بنەرەتی لەکەرتی تەندروستی کەبریتین لە جیاکردنەوەی کەرتی گشتی و تایبەت ، بیمەی تەندروستی و ئەنجومەنی پزیشکی کوردستان ، سەرەرای ئەو قەیران و گرفتانە ھەربەردەوام بووین لەجێ بەجێکردنی پلانەکانمان بۆ چاکسازی .
دەپرسین ، ئایا لەھەولدان بۆ بێ متمانەکردنی ھاوولاتیان بە کەرتی تەندروستی کێ سوود مەندە؟
ئایا دەوڵەمەندان و خواپێداووان کە متمانە کەم بوو بەکەرتی گشتی ڕوو لە نەخۆشخانە تایبەتیەکان و دەرەووەی ووڵات دەکەن ، ئەی ھەژاران و نەدار ان ڕوو لەکوێ بکەن ؟ ئایا ئەو جۆرە ڕیپۆرتانە خزمەت بە بەرژەوەندی کێ دەکات ؟ 
لەکۆتایی دا، بەپێویستی دەزانم زۆر سوپاسی سەرجەم پزیشکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی کوردستان بکەم کە وێڕای قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە و بەردەوامی شەڕی دژە تیرۆر ، ئەوانیش وەک برا پێشمەرگەکانیان سەنگەرەکانی تەندروستیان پتەوترکردووە ـ لەجەنگەکان ھەمیشە لەنزیک پێشمەرگەوە بوون و بۆ شەپۆڵەکانی ئاوارە دەستی یارمەتی بوون.
داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندن کاران دەکەم ، پرۆفیشنالانەتر کاری رۆژنامەوانی ئەنجام بدەن و ھەستیاری کەرتی تەندروستی و بەرژەوەندی گشتی لەو کەرتە لەبەرچاوبگرن ولێ گەڕێن متمانەی ھاووڵاتی بمێنێت بەخزمەتەکانی کەرتی تەندروستی و ھاوکاربن لەھەولەکانی پێشخستنی ئەو کەرتە بۆ سیستەمێکی تەندروستی پێشکەوتوو لەھەرێم .


3 ساڵ پێشتر - May 20 2015 8:20PM
‌زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
Address: Iraq - Kurdistan - Sulaimany
Tel: 07480172102 | Email: [email protected]