وتار
  دواھەمین ھەفتە
د.بەختیارشاوەیس

وەک بریارە بەکۆتایی ئەم ھەفتەیە، دانیشتنەکانی وەرزی دووەمی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆتایی دێت ، وە بە گوێرەی دەستوور پشوو دەبێت بۆماوەی یەک مانگ و دەبێت لە سەرەتایی مانگی تەمووز بگەرێینەوە بۆ بەغدادی گەرم، گەرم ھەربەتەنھا کەشوھەواکەی نا بەڵکو بەمانای گەرمی سیاسی و ماملانێی تائیفی.

لەماوەی ساڵی رابردوودا ، وە لەپەیوەندیدا بە یاساگرنگەکان ، بەو یاسایانەی کە رەھەندی ستراتیژی و چارەنووسازیان بۆ پرۆسێسی سیاسی و ئەمنی و ئابووری ھەیە پەرلەمانی عیراق جگە لە پەسەندکردنی یاسای بودجە نەیتوانیوە شتێکی ئەوتۆ بکات کە خێرو بێری عێراقیەکان لەخۆبگرێت. نەک ھەرئەمە بەڵکو لەھەندێک کاتدا ھۆڵی پەرلەمان کراوەتە مەیدانی تۆخکردنەوەی رەگی تائیفی و موزایەدی سواوی سیاسی و مەزھەبی و تەقینەوەی ململانێکانی رابردوو. ئەگەر نا بەچ لۆژیکێک یاسا گرنگەکانی وەک دادگای فیدراڵی ، گاردی نیشتمانی ، یاسی پارتەکان ھەڵگیراوە بۆ ساتەکانی کۆتایی ئەم وەرزە؟

 سەرباری ھەموو ئەمانە، دەوڵەتی عیراق  کە چەند رۆژێکی دیکە پێدەنێتە ١٠ی شەش و ساڵێک تێدەپەرێت بەسەر ھاتنی داعش و کەوتنی موێڵ، لەماوەی رابردوودا ئەم دەوڵەتە لەگەڵ ھاوکاری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کەخۆی لە ئیران و ھێزە ئاسمانیەکانی ھاوپەیمانان دەبینێتەوە، نەیتوانیوە خۆی لە پەتای کوشندەی داعش رزگار بکات و لەمەش ترسناکتر ئەم رێکخراوە تیرۆریستیە لە دوا پێشرەویاندا رومادیان بەتەواوی کۆنتروڵکرد و لەدووری چەند کیلۆمەترێکەوە ترس و دڵەراوکێیان لە دڵی ھاوڵاتیانی پایتەخت چاندوە.
لەئاستە کوردستانیەکەدا، لەماوەی ساڵی رابردوو ، ھەرچەندە رێکەوتنێکی نەوتی لەنێوان ھەردوو حکومەتی ھەولێر و حکومەتی بەغدا کراو دواتریش لەپەرلەمان توانرا ناواخنی ئەم رێکەوتنە بکرێتە یاسا، بەڵام دوای پێنج مانگ تازەبەتازە بەبیانوی جیا حکومەتەکەی عبادی خۆی لە بەڵینە سیاسی و یاسایەکانی سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان دەشارێتەوە، کەبەداخەوە ئەم مەسەلەیە کارێکی نێگەتیڤی کردوەتە سەر رووئیای نوێنەرانی کورد و ئێستا ئەوەندەی ئەجیندای کارەکانمان لەسەر پشکی کورد و پابەندبوون و پابەندنەبوونی بەغدا و موچەی فەرمانبەران چرکردوەتەوە، بەنیو ھێندە باسی مادەی ١٤٠ و مەسەلەنەتەوەیی یەکان ناکرێت
لەم سۆنگەوە، دەتوانین تیشک بخەینە سەر فاکتەرەکانی کەمتوانایی پەرلەمانی عیراق لە ساغکردنەوەی کێشەکان و گەیاندنی دەوڵەت بە کەناری ئارامی. بەمانایەکی دیکە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە روانگە دەستوریەکەیدا کە دەوڵەت لەسەر بنەمای سیستەمی سیاسی پەرلەمانی دارێژراوە و بەمەش خاوەنی دەسەڵاتی کاریگەر و گرنگە و رۆڵی میحوەری دەگێرێت لەئیدارەدانی حکومەت و گەشەکردنی و دەسەڵاتی بەسەر کۆی دەسەڵاتەکانی دیکە ھەیە، بەڵام بەھۆکاری ناکۆکی سیاسی و دەستێوەردانی دەرەکی و پێشێلکردنی بەشێک لەبەند و برگەکانی دەستوور دەبینین لەساڵێکی تەمەنیدا لەگەڵ بوونی دەیان کێشەو قەیران نەیتوانیوە کارێک بکات کە لەئاستی پێگە و دەسەڵاتەکانی بێت.
ئەوەی تێبینی دەکرێت دووبارەکردنەوەی ئەم سیناریۆ و ئەم شێوازی کارکردنەی پەرلەمانی عیراقە و بەستنەوەی دەستیەتی لەلایەن بەرژەوەندیخوازانی تائیفی و سیاسی و شەخسی و دواجار کەمخوێنی و شەلەلی دەوڵەتەکەیە لە رووی پێشکەوتن و خزمەتگوزاری ودەرکەوتنی دەوڵەتێکی دیموکراتی فیدراڵ وەک ئەوەی لە دەستوردا ئاماژەی بۆکراوە. 


2 ساڵ پێشتر - May 25 2015 7:34PM
‌زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
Address: Iraq - Kurdistan - Sulaimany
Tel: 07480172102 | Email: [email protected]