وتار
  باکورو رۆژئاوا لەھاوکێشە سیاسییەکاندا ‌
فەرید ئەسەسەرد

راگەیەنراوەکەی فڕاکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پشتیوانی کردنی لە کوردی باکور لە ھەڵبژاردنی حوزەیرانی داھاتوودا، راگەیەنراوێکی ئاسایی نیە، بەڵکو لە گەوھەردا بەشێکە لە ستراتیجی تازەی یەکێتی سەبارەت بە فایلی باکور و رۆژئاوا. ئەم دو فایلە لەبەر چەندین ھۆ زۆر ئەستەمە لێک جیا بکرێنەوە و بەھۆی ئەوەوە، سەرەڕای تایبەتمەندیی ھەر فایلێک، فاکتەرەکانی تێکھەڵکێش بون لە نێوانیاندا ئەوەندە زۆرن، ھەر یەکێکیان کاریگەری بەھێزی لەسەر ئەوی تر ھەیە.
لەم قۆناغەدا باکور و رۆژئاوا بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەڕن. باکور لە چوارچێوەی شەرعیەتی یاساییدا شەڕی ھەڵبژاردنی  حوزەیرانی داھاتوی لەبەردەم دایە. لەم شەڕەدا ھەدەپە وەک نوێنەری کوردی باکور، لە کۆششێکی چارەنوسساز دایە بۆ بەرجەستەکردنی ناسنامەی کورد. بەرژەوەندیی کورد بە گشتی و کوردایەتی وەک بزوتنەوە لە سەرکەوتنی ھەدەپە دایە. تێپەڕاندنی رێژەی ١٠% کە ھەدەپە لەھەڵبژاردندا ھەوڵی بەدی ھێنانی دەدا، دەتوانێ نەخشەی سیاسیی تورکیا بگۆڕێ و ھەدەپە بۆ ماوەی چوار ساڵ وەک ھێزی چوارەم نیشان بدا. ئەمە بەو مانایە دێ کە چارەنوسی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەندە بە سەرکەوتنی ھەدەپەوە.
پەرلەمانی داھاتووی بێ ھەدەپە پەرلەمانی نەتەوەی سەردەست دەبێ و ھیچ رۆڵێکی لە چارەسەرکردنی کێشەی کورددا نابێ. ئەمەش ھاوکێشەکە وا لێ دەکا کە سەرکەوتنی ھەدەپە یەکسان بێ بە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و پوکانەوەشی دەبێتە مایەی پوکانەوەی ئاشتی.
سەرەڕای ھەڵوێستە بەراییەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە مەسەلەی کورد، ھێشتا مەسەلەی کورد لە تورکیا لە بازنەیەکی بۆشدا دەخولێتەوە. بەرژەوەندیی نەتەوەییمان پێویستی بە پشتگیری کردنی ھەدەپەیە و ھەر کارێکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ لەق کردنی متمانەی دەنگدەرانی باکور بە ھەدەپە، مەرجەکانی کوردایەتیی تێدا بەدی ناکرێ.
لە فایلی رۆژئاوادا، ھێشتا کەموکوڕی لە داڕشتنی پەیوەندیەکانی نێوان دەسەڵاتی ھەرێم و رۆژئاوادا ھەیە و ھێشتا کوردی سوریا نیگەرانن لە ھەوڵدانی ھەندێ لایەنی سیاسی لە ھەرێم بۆ دەستوەردان لە کاروباریان و سەپاندنی ھەندێ رێککەوتننامە بەسەریاندا. ھەر بەھۆی ئەم کەموکوڕییەشەوە، تائێستا نە سەرۆکایەتیی ھەرێم و نە حکومەتی ھەرێم دانیان بە ئیدارەی ئۆتۆنۆمیی رۆژئاوادا ناوە. ھەرچەند یەکێتی لەم روەوە ئەرکی نەتەوەیی خۆی بەجێ ھێناوە و بەشێوەیەکی فەرمی دانی بە ئیدارەی رۆژئاوادا ناوە، بەڵام مەسەلەکە پێویستی بە ھەنگاوێکی لەمە گەورەترە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان.
جەنگی داعش دەشێ لەم روەوە فاکتەرێکی یارمەتیدەر بێ. ئەم جەنگە بۆ کورد روخساری «جەنگێکی نەتەوەیی» وەرگرتووە لەوە تێپەڕیوە کە جەنگێکە لە دژی تیرۆر. ئەمە یەکەم جارە لە ماوەی سەد ساڵدا کە کوردی باشوور و باکورو رۆژئاوا پێکەوە لەشەڕێکدا بن لەدژی دوژمنێکی ھاوبەش کە ھەڕەشە لەھەر ھەموو ئەو دەسکەوتانەی کورد دەکا کە لە ماوەی چارەکە سەدەیەک بەدەستیان ھێناوە. ئەم ھەلومەرجە پێویست بەوە دەکا کە رۆڵی یەکێتی لە فایلی رۆژئاوادا کارا بکرێ چونکە کاراکردنی ئەم رۆڵە خزمەت بە بزووتنەوەی کوردایەتی دەکا.
رەنگە یەکێتی لەم روەوە ھەندێ کەمتەرخەمی نواند بێ کە ئەمەش ھۆی تایبەتی خۆی ھەیە، بەڵام ھیچ کات بەقەد ئێستا بۆ راماڵینی کەمتەرخەمی لەبارتر نیە، بەتایبەتی کە رۆڵی یەکێتی لەھەردوو فایلەکەی باکور و رۆژئاوا بۆتە بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی و پێویستییەکی مێژوویی.


2 ساڵ پێشتر - May 25 2015 7:35PM
‌زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
Address: Iraq - Kurdistan - Sulaimany
Tel: 07480172102 | Email: [email protected]