‌ دیدار
  پارتی پۆستەکەی بارزانی وەک کارتێکی سیاسی بەکاری دەھێنێت

سازدانی : محەمەد حیکمەت
فۆتۆ : سۆران سەعید

 
ئەبوبەکر عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لەدیدارێکدا لەگەڵ SNN لەبارەی ئایندەی پرۆژەی دەستور و ململانێی نێوان لایەنەکان لەسەر پرسەکان دەدوێت، ھاوکات مەرجی پارتی بۆ نەرمبوونی ھەڵوێستەکانی ئاشکرادەکات، ئەرکی لایەنە ئیسلامییەکانیش دژی داعش دەخاتەڕوو و ڕەتیدەکاتەوە کەھیچ پاساوێک بۆ قبوڵکردنی ھەبێت.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو، قسە لەبارەی حزبە ئیسلامییەکان بەم فۆڕمی کارکردنەی ئێستایان دەکات و پێیوایە"بەربەستە لەبەردەم گەشەپێکردنیان" و دەڵێت "یەکگرتوو گەیشتۆتە ئەو قەناعەتە" و ئەوەشدەخاتەڕوو کەھیچ زەمینەیەک بۆ یەکگرتنی لایەنە ئیسلامییەکان نەڕەخساوە و "ئەگەر نێتێکیش جددیش ھەبێت نابێت تێکەڵ بکرێن".
ئەبوبەکر عەلی، لەم دیدارەدا سەلەفیەت بە بیرکردنەوەیەکی"مەترسیدارە" وەسف دەکات و ھۆکارەکانی بەھێزبوونی پێگەشیان لەھەرێمدا دەخاتەڕوو.
پەیوەستە بەداھاتووی خۆیەوە لەناو یەکگرتوودا نھێنییەک نادرکێنێت، بەڵام نایشارێتەوە کە ھەوڵی دەرھێنانی لەناو یەکگرتوودا دراوە و لەبارەی خۆکاندیدکردنەوەی ئەمینداری پێشووش دەڵێت"ھیچ شتێکی نەدرکاندوە".
 
پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم چ کاریگەرییەکی بۆ دەستور ھەیە؟
SNN: ئێستا پرۆژەی دەستور جارێکی دیکە کاری لەسەر دەکرێت، پێتانوایە پرۆژەی دەستور بەکوێ دەگات؟
ئەبوبەکر عەلی: ئێستا بەرنامەی بۆ دانراوە کە پرۆژەی دەستور لەماوەی ٩٠ ڕۆژدا بکوڵێنرێت و دەستکاری بکرێت و ئامادەبکرێت بۆ ڕاپرسی، بەڵام ئاماژەکان ئەوە دەگەیەنن کە قورسە لەو ماوەیەدا ئەو کارە بکرێت، سەرئەنجام دەبێت یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ھەموار بکرێتەوە، لەبەرئەوەی مەسەلەی دەستور بەستراوەتەوە بەپرسی سەرۆکایەتی ھەرێمەوە، ئەگەر مەسەلەی سەرۆکایەتی ھەرێم چارەسەرکرا، کەش و ھەوایەکی لەبارتر بۆ گەیشتنی ھێزەکان بەڕێککەوتنی نیشتمانی لەسەر دەستور دێتە کایەوە، پێموایە مەرج نییە ھێزەکان لەم ماوەیەدا لەسەر دەستور ڕێککەوتن بکەن، لەبەرئەوە دوای چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم لەچوارچێوەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، دەکرێت زەمینە و ھەلومەرجێکی لەبارترمان دەستکەوێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر دەستورێکی باشتر لەوەی ئێستا کەھەڵکوڵێنرێت.

"لەماوەی ساڵێکدا دەبینە خاوەنی دەستور"

SNN: پێتانوایە لەئایندەیەکی نزیکدا ببینە خاوەنی دەستور؟
ئەبوبەکر عەلی: بەڵێ دەتوانین لەماوەی ساڵێکی دیکەدا ببینە خاوەنی دەستور خۆمان.

"پارتی ھەڵوێستی نەرمتر دەبێت"

SNN: ململانێکان لەسەر پرۆژەی دەستور بەکوێ دەگات و دەگاتە چ ئاستێک؟
ئەبوبەکر عەلی: لەبەرئەوەی زۆربەی ھێزەکان ئێستا لەسەر سیستمی پەرلەمانی کۆکن، بۆیە سەرئەنجام ڕێککەوتن لەسەر سیستمی پەرلەمانی دەبێت، بەڵام بۆئەوەی ڕێککەوتن و بەیەکگەیشتنێکیش ھەبێت ڕەنگە پەرلەمانییەکە ھەندێک تایبەتمەندی لەکوردستان ھەبێت، کەجیای بکاتەوە لەسیستمی پەرلەمانی باو، بەڵام بەمجۆرە تێکەڵاویەی ئێستاش نەمێنێت، ئەگەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکی ئێستای ھەرێم لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نیشتمانی چارەسەربکرێت، پارتی ھەڵوێستی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ھێزەکانی دیکەدا لەسەر دەستور نەرمتر دەبێت.

پارتی پۆستەکەی بارزانی وەک کارتێکی سیاسی بەکاری دەھێنێت

SNN: کەواتە پارتی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم وەک کارتێکی سیاسی بەکاردەھێنێت لەمەسەلەی دەستوردا؟
ئەبوبەکر عەلی: پارتی ئەوەی باسی دەکات جگەلەوەی بەشێکە لەقەناعەتی و دیدگای بۆ چۆنیەتی بیناکردنی نەتەوە و دەوڵەت و ئیدارەکردنی ململانێکان لەم قۆناغەدا، لەھەمان کاتدا وەک کارتێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

چاوەڕوانی سێ لایەنەکە لەمە زیاترە

SNN: ھەر سێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو ھاوبەشیەکی ڕاستەقینەیان لەکابینەی ھەشتی حکومەت پێکراوە؟ یان ھاوبەشیەکە شۆڕنەبۆتەوە بۆ خوارەوە؟
ئەبوبەکر عەلی: تائێستا گلەییان ھەیە لەجۆری ھاوبەشییەکە بەرامبەرەکانیش لەو گلەییانە تێدەگەن، چاوەڕوانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو و شەقامیش بۆ حکومەتێکی بنکە فراوان و ھاوبەشیەکی ڕاستەقیەنی سیاسی لەوەزیاتر کە تاوەکو ئێستا ھاتۆتەدی.
ھاوبەشیەکە شۆڕنەبۆتەوە بۆ جەستە ئیدارییەکەی حکومەت، واتە لە لوتکەی حکومەتەکەوە بۆ خوار وەزارەتەکان نەھاتۆتە خوارەوە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ھاوبەشییەکە لەئاستی حکومەتە خۆجێییەکان ڕەنگبداتەوە، ئێستا لەسلێمانی سەرەتایەک دەستی پێکردوە، ھیواداریشین لەھەولێر و دھۆک حکومەتێکی ھاوبەشی خۆجێیی پێکبێت، بۆئەوەی بەیەکەوە کارکردن و ھاوچارەنووسی و کۆتایھێنان بەزۆنی حزبی ببێتە واقیعێکی ڕاستەقینە کەھاوڵاتیان ھەستی پێ بکەن.

ڕێگرییەکان ئاشکرادەکرێن

SNN: ڕێگرییەکان چین؟
ئەبوبەکر عەلی: نەبوونی دەستور و کەمی متمانە لەنێوان ھێزەکان و پاشماوەی دوو ئیدارەی و بەنایەکگرتووی ھێزی ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیس کەبڕبڕەی دەسەڵات پێکدەھێنن لەوڵاتدا، نەبوونی ئیرادەی سیاسی پێویست لەمڕووەوە. ڕێگربوون.

ئامانجە گەورە کە بەدی نەھاتووە !

SNN: وەک لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو لەژێر دروشمی چاکسازی لەجومگەکانی حکومڕانیدا بەشداریتان کرد لەکابینەی ھەشتدا، توانیوتانە ئەو ئامانجە بەدی بھێنن؟
ئەبوبەکر عەلی: لەسەر بناغەی بەرنامەیەک بەشداری لەحکومەتدا کراوە، کە داخوازییەکانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو لەپرسی چاکسازی لەئاستێکی باشدا لەخۆگرتووە، بەڵام ھەنگاوی سەرەتایی نراوە، چونکە چاکسازی ڕیشەیی و ھەمەلایەنە پرۆژەیەکی نیشتمانی گەورەتر و ئیرادەیەکی تۆکمەتری سیاسی و ھەنگاوی زۆر چۆنایەتی لەوە قوڵتری دەوێت کە تائێستا بەدیمان کردوە.
لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆن و ئێستاشدا ئامانجە گەورەکە چاکسازی ڕاستەقینەیە لە بەدامەزراوەیی کردنی حکومەت، سەروەری یاسا، دیموکراسی و شەفافیەتێکی زیاتر، بەڵام ھەر وەکخۆی ماوە و تائێستا ئەم ئامانجە گەورە لەبەردەم ھەموو ھێزەکاندا بەدی نەھاتووە.

یەکگرتوو چاودێری چی دەکات؟

SNN: پێگەی یەکگرتوو و نوێنەرەکانتان لەناو حکومەتدا لەچ ئاستێکدا دەبینیت؟
ئەبوبەکر عەلی: دامەزراوەیەک تایبەت ھەیە لەناو یەکگرتوودا کە ھەڵسەنگاندن بۆ ئەدای نوێنەرەکانی یەکگرتوو لەحکومەت و پەرلەمان دەکات، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بۆ دوو ساڵ ڕاپۆرت بخاتە بەردەم سەرکردایەتییەوە، بۆئەوەی بڕٍیار بدات لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نوێنەرەکانی لەناو حکومەت و پەرلەمان.

"لەئاست پێویستدا نەبووە"

SNN: تاچەند یەکێتی ناوخۆی بۆ ئەم قۆناغی گرنگە، کە لەشەڕ و ھەلومەرجێکی تایبەت و ناھەموارداین؟
ئەبوبەکر عەلی: بەڵگە نەویستە کە یەکێتی ناوخۆی پێشمەرجی ھەر سەرکەوتێنکی ڕاستەقینەیە لەپێش ئەم قۆناغە و لەم قۆناغە و لەداھاتووشدا، وا دەکات ئەو کەلێن و درزانە بگرین، وزە و تواناکانمان بەململانێ لەگەڵ یەکتر بەفیرۆنەچێت، چونکە تەحەدداکان  و پێداویستی بەدیھێنانی  ئامانجە گەورەکانی قۆناغەکە زۆر لەوەگەورەترە بەتوانای پەرش و بڵاوی ئەم ھێز و ئەو ھێز بێتەدی، بەڵام تائێستا لەئاست پێویستدا نەبووە.
SNN: بۆچی؟
ئەبوبەکر عەلی: بەھۆی بوونی ململانێی پەنجا ساڵەی نێوان باڵەکانی کوردایەتی و ئەو بێ متمانەیەی لە قۆناغی ڕابردوودا ھەبووە، ئەو دابەشکردنەی دەسەڵات سەقەتەی کە لەقۆناغی ڕابردوودا ھەبووە، ئەو ئیمتیاز و گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات تێکەڵ بەپیادەکردنی دەسەڵات بووە، نەبوونی چوارچێوەیەکی نیشتمانی سازان لەسەر کراو کەڕۆڵەکانی تیادا بەشکراوبێت و نیگەرانییەکانی تیادا کەمبووبێتەوە، ھەموو ئەمانەبەشێکن لەو ھۆکارانەی کە ناوخۆیەکی ھێندە یەکگرتوومان نەبێت کەدڵنیابین لەوەی بەرگەی دۆخە جیاوازەکان دەگرین.

"عیراق ھەڵوەشاوەتەوە"

SNN: پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەرەو باشتر دەڕوات، پێتانوایە دەبێت ڕوومان لەبەغدا بێت یان چی؟
ئەبوبەکر عەلی:  ھەرێمی کوردستان تەنھا دەبێت ئیدارەی کێشەکانی بکات لەگەڵ بەغدا، پێموانییە لەجەوھەردا ھیچ باشبونێک لەپەیوەندیەکاندا ھەبێت، تەنھا ئەوەیە ھێوربوونەوەیەک لەپەیوەندیەکاندا ھەیە، ئەگەرنا کێشە بنەڕەتییەکان وەک خۆیانن، عیراق ھەڵوەشاوەتەوە، چارەنووسی ئایندەی کورد لەگەڵ بەغدا نییە، بەڵام چۆن کارێک بکەین بەشێوەی پلە بەپلە و عاقڵانە ڕۆژ بەڕۆژ لەبەغدا دووربکەینەوە، بەبێ ئەوەی کێشمەکێشی نەخوازراوی گەورە دروست بکەین، لەپێش ئەوکاتانەی لەنەخشەی ئێمەدا نییە.

"ئەم پەیوەندیەی نێوان ھەولێر و بەغدای تێپەڕاندوە"

SNN: لەقۆناغی ئێستادا بەناڕاستەوخۆ قسە لەسەر ئەوەدەکرێت زەمینە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی باشوری کوردستان ڕەخساوە، ئێوە دەڵێن چی لەمڕووەوە؟
ئەبوبەکر عەلی:  کورد خۆی ھەبێت، دەوڵەتی کوردستان لەبەردەم دەرگایایە، بەڵام لەئێستاوە بۆ سێ چوار ساڵی تر دەتوانین زەمینە سازی ڕاستەقینە بکەین، کە لایەنیکەم بگەینە عیراقێکی کۆنفیدڕاڵ کە ئەویش فۆڕمێکی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی دەبێت، بۆیە پێموایە گۆڕانکارییەکان لەناوچەکەدا دەستوری ئێستای عیراق و ئەم پەیوەندیەی نێوان ھەولێر و بەغدای تێپەڕاندوە، عیراق بەکردەوە کۆتایی پێھاتووە، گرنگ ئەوەیە لەناوخۆی ھەرێمدا کاری ھاوبەش و تێگەیشتنێکی ھاوبەشمان ھەبێت بۆ ئەو قۆناغە دەوڵەتی کوردستان بووبێتە ئامانج، نەخشە ڕێگای ھاوبەشمان بۆ چۆنیەتی بەدیھێنانی ھەبێت، دەوڵەتی کوردستان لەخەونەوە بووبێتە ئامانج، پێموایە زۆر نزیکین لەبەدیھێنانی ئەو ئامانجەی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی لەباشوری کوردستان.



ئەرکی لایەنە ئیسلامییەکان دژی داعش چییە؟

SNN: داعش لەژێر ناوی ئیسلامدا شەڕ دەکات، وەک بەرپرسیارێتیەکی مێژووی ئەرکی لایەنە ئیسلامییەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەیان چییە؟ بۆئەوەی بەرگری لەو ئایدۆلۆژیایە بکەن کەلەپێناویدا دامەزراون؟
ئەبوبەکر عەلی:  ئەرکی لایەنە عەلمانیەکان لەھەندێک ڕووەوە قورسترە، ئیسلامیەکان لەھەندێک ڕووی ترەوە، ئەرکی لایەنە ئیسلامیەکان خۆی دەبینێتەوە لە شەرعیەتی ئیسلامی و دینی بسەندرێتەوە لەبیرو باوەڕو  ڕەفتارەکانی داعش، کارکردن لەوشکردنی سەرچاوەکانی بیری توندڕەوی بەھەموو جۆر و ڕواڵەتەکانی لەکوردستان، پشتیوانی مەعنەوی لەھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەڕووە دینی و نیشتمانییەکەیەوە بەرزکردنەوەی ورەی خەڵکی کوردستان بۆ بەرگریکردن لەخاک و گەلی خۆیان، کارکردنێکی فکری سیاسی مەیدانی مەعنەوی لەسەر زیاتر چەسپاندنی سەقامگیری و ئاشتی و پێکەوەژیان لەھەرێمدا، نە وروژاندنی مەسەلەی عەلمانی و ئیسلامی لەناوخۆی کوردستان بەتایبەت لەم تەوقیتەدا لەبەرئەوەی بەڕوحی کورد و کوردستانبوونەوە ڕەفتار بکەین.

"ھیچ پاساوێک نەماوە"

SNN: ھەندێک لایەنی سیاسی و کەسایەتی ئیسلامی سەرەتا بەئاشکرا و نھێنی بەرگریان لەفکری داعش دەکرد، ئێستا ھیچ پاساوێک ماوە بۆ ئەوانە کە داعش ڕەتنەکاتەوە؟
ئەبوبەکر عەلی:  ھیچ پاساوێک نەماوە نەک لەکوردستان لەدونیاشدا، پێش ھەموو شتێک ئیسلام و گەلە موسوڵمانەکان قوربانی ڕەفتارەکانی داعشە، ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە نە بەناوی خوا نە بەناوی ھیچ شتێکی ترەوە دەستدرێژی بکاتە سەر ئێمە، بەھاکانی ئیسلام لەسەنگەری بەرگری ھێزی پێشمەرگەی ئێمەدایە، بەرامبەر ھەموو ئەو کەسانەی کە دەستدرێژی دەکەنەسەر خاک و وڵات و شەرەف و گەلی ئێمەدا کە موسوڵمانین، موسوڵمانێتی خۆمان ناگۆڕینەوە بەھیچ کەسێک لەم سەر زەویەدا.

لیژنەکەی یەکگرتوو بۆچی پێکھێنراوە؟

SNN: یەکگرتوو وەک حزب و دۆخی ناوخۆی کە لەبەردەم کۆنگرەدایە بەرەوچی ھەنگاو دەنێت؟
ئەبوبەکر عەلی: یەکگرتوو لەبەردەمی کۆنگرەدایە و ساڵێکی ماوە بۆ کۆنگرە، لیژنەیەکی پێکھێناوە لەلایەن سەرکردایەتییەوە، ئەرکیەتی ھەوڵبدات بۆ بەدواداچوونی ئەو ڕاسپاردە و پێشنیازانەی لەدواین کۆنفڕانسدا خرایە بەردەم سەرکردایەتی، ئەرکیەتی ھەوڵبدات بۆ دۆزینەوەی فۆڕمێکی گەشەکردوتر بۆ ئیشی یەکگرتوو لەقۆناغی داھاتوو..

فۆڕمی کارکردنی حزبە ئیسلامییەکان دەگۆڕدرێت

SNN: بەتێڕوانین لەنەخشەی سیاسی باشوری کوردستان پێتوایە فۆڕمی کارکردنی حزبە ئیسلامییەکان بە بنبەست گەیشت بێت و خۆنوێکردنەوەیان بووبێتە پێویستییەکی حەتمی؟
ئەبوبەکر عەلی: بەڵێ، لەدوو ڕووەوە پێویستیان بەنوێکردنەوە ھەیە، یەکەم: ئەم فۆڕمە ھەمان فۆڕمی باوی حزبی کوردییە، بۆئەوەی گونجاوتربێت لەگەڵ ئەرکە نوێیەکان و فەزایەکی دیموکراسی، چونکە حزبەکان لەڕابردوودا بۆ ئەم ئامانجە دروست نەبوون کەئێستا ڕووی تێکردون.
دووەم: لەڕووی مێژوویەوە حزبی بانگەواز و دەعوەی سیاسی بوون، پێویستە کاری سیاسی و بانگواز جیابکرێتەوە، ئەم تێکەڵاوییە نەمێنێت، تەنانەت ئەم فۆڕمەی کاری پێدەکەن بۆتە بەربەست لەبەردەم گەشەپێکردنیان.

یەکگرتوو گەیشتۆتە قەناعەت

SNN: یەکگرتوو کە ئێوە ئەندامی مەکتەبی سیاسین تیایدا بۆکۆنگرەی داھاتووی کاری لەسەر دەکات؟
ئەبوبەکر عەلی:  حزبەکە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کاری جددی لەسەر ئەم پرسە بکات، چاوەڕێی کاری ئەو لیژنەیە دەکەین، با کۆنگرەی داھاتوو بکەشن، تاوەکو بزانین یەکگرتوو بۆ ئەو ھەنگاوە چەند سەرکەوتوو دەبێت لەمڕووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕواندەکرێت فۆڕمێکی نوێی یەکگرتوو بێتە کایەوە.

"نابێت ئەوە قبوڵ بکەن"

"ئیسلامییەکان ھاوڵاتی یەکسان نین"

SNN: ھیچ ڕێگرییەک بۆ ئیسلامییەکان ھەیە و لەچیدایە ھەست دەکەن غەدرتان لێکراوە؟
ئەبوبەکر عەلی: ئیسلامییەکان ھاوڵاتی یەکسان نین لەبەردەم یاسادا، بۆیان نییە پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و عەمید و بەڕێوەبەری قوتابخانە بن.....ھتد، لەبەرئەوە نایەکسانییەکی گەورە دەرحەق بەرامبەر ئیسلامیەکان و ھەندێک خەڵکی بێ لایەنە تاوەکو ئێستا ڕەوا بینراوە، نازانم تاکەی بەڕەوا دەبینرێت، نابێت بزوتنەوەی چاکسازیخوازی کوردستان و ئیسلامییەکان و خەڵکی مەدەنیخواز ئەوە قبوڵ بکەن.

زەمینە بۆ یەکگرتنی ئیسلامییەکان نییە، بەڵام

SNN: پرۆژەی یەکگرتنەوەی یەکگرتوو و کۆمەڵ یان ھەموو حزبە ئیسلامییەکان ناوە ناوە باس دەکرێت بەکوێ گەیشتووە، لەڕاستیدا بەرنامەیەکی وەھا لەنێوانتان لەئارادایە؟
ئەبوبەکر عەلی: تائێستا ھەر بابەتێکە بۆ گفتوگۆ، زەمینەیەک بۆ یەکگرتنیان نییە، بەڵام بۆ کاری ھاوبەش ئەو زەمینەیە ھەیە، نمونەی یەکگرتوو و کۆمەڵ کە لەپارێزگاکان بوون بەیەک لیست، بەڵام وەک حزب دەبێت لەو کەرەستە و فۆڕمە حزبەی ئێستایان حزبێکی نوێی بەھێز بەفۆڕمێکی نوێ دروست بکەن، ئەگەر نێتێکی جددی بێتە ئاراوە، نابێت ئەمەی ئێستا تێکەڵ بکەن.

 پەیوەندی گۆڕان و ئیسلامیەکان، بەرەو گەرمی دەڕوات

SNN: پەیوەندیتان لەگەڵ گۆڕان چۆنە، کە لەکاتی ھەڵبژاردنی دوایی و تائێستاش لەئاستێکی باشدا نابینرێت؟
ئەبوبەکر عەلی: لەدوای ھەڵبژاردنەکانەوە ھەندێک ساردی کەوتە نێوان گۆڕان یەکگرتوو و کۆمەڵەوە، ماوەی دوو سێ مانگە پەیوەندیەکان بەرەو ئاسایبوونەوە و لێکتێگەیشتنی زیاتر ڕۆیشتوون، ھۆکارەکەشی ھاوبەش بوون.

"ئەمینداری پێشوو ھیچ شتێکی نەدرکاندوە"

SNN:  داھاتووی سیاسیی مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەھائەدین چۆن ئەبینیت؟ ئایا تاچەند ڕاستە کە لە کۆنگرەی داھاتووی یەکگرتوو دەبێتەوە بەئەمینداری حزبەکەتان؟
ئەبوبەکر عەلی: لەڕووی قانوونی و حزبیەوە مافی خۆیەتی، بەڵام وەک خۆی ھیچ شتێکی لەوبارەیەوە نەدرکاندوە، کە لەکۆنگرەی داھاتوودا خۆی کاندید دەکاتەوە.

جارێ زووە !
"گۆڕینی کەسی یەکەمی یەکگرتوو ئاسانە"

SNN: ئەبوبەکر عەلی بەنیازە لەکۆنگرەی داھاتووی حزبەکەیدا خۆی بۆ پۆستی ئەمیندار کاندید بکات؟
ئەبوبەکر عەلی: جارێ زووە بۆ وەڵامدانەوەی، بابزانین ڕێکارەکانی بەستنی کۆنگرەی داھاتوو و سەیری بەرئەنجامی ئەو لیژنەیە بکەین بۆ نوێکردنەوەی یەکگرتوو دەستی پێکردوە و دۆخەکە ھەڵدەسەنگێنین، چیمان پێ باش بێت بۆ یەکگرتوو و باوردۆخی کوردستان و خۆشمان ئەوە دەکەین.
مادام ئەمینداری گشتی یەکەمجار دوای ١٨ ساڵ گۆڕا،  ئیتر پرسی گۆڕینی کەسی یەکەمی یەکگرتوو ئاسانە  و شتێکی ڕۆتینی دەبێت.

"سەلەفیەت مەترسیدارە"

SNN: سەلەفییەکان بەردەوام دژایەتیتان دەکەن، ھیچ مەترسییەک لەو بەھێزبوونەیان دەبینن؟
ئەبوبەکر عەلی: پێموایە سەلەفیەت بیرکردنەوەیەکی مەترسیدارە، لەسەر ئاستی نەتەوەیی، دینی، کۆمەڵایەتی و دیموکراتی، ھەروەھا پرۆژەیەکی دواخراوی توندوتیژییە لەھەر وڵاتێکدابێت دەبێتە تەوژمێکی گەورە، پێگەیان لەجاران بەھێزترە لەھەرێم.

ھۆکارەکانی بەھێزتربوونی پێگەی سەلەفیەکان

SNN: چی وایکردوە پێگەیان بەھێزتر بێت؟
ئەبوبەکر عەلی: ئاسانکاری لەلایەن ھەردوو پارتە حکومڕِانەکەی پێشوو کوردستان، بۆشاییەکی دینی ھەبووە کەبەشێکی ئیسلامییەکان بەجێیان ھێشتووە و بەشێکیشی دەرھاوشیتەی واقیعی جیھانگیرییە.

ھەوڵی دەرھێنانی لەناو یەکگرتوودا ئاشکرادەکات
SNN: بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ھیچ حزب و لایەنێک داوای لێنەکردویت کە لەگەڵیاندا کار بکەیت؟
ئەبوبەکر عەلی: خەڵکێک ھەیە ئاواتەخوازێت کاریان لەگەڵ بکەم، کە لەئاستی باڵادایە لەناو حزبەکەیدا، لەحزبە عەلمانییەکانیشدایە، بەڵام وەک حزب و بەڕەسمی نا ھیچ داوایەکی لەوشێوەیە نەکراوە.

3 ساڵ پێشتر - May 8 2015 12:30PM
15529
‌زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
Address: Iraq - Kurdistan - Sulaimany
Tel: 07480172102 | Email: [email protected]