‌سلێمانی
  كاكه‌ی فه‌لاح
كاكه‌ی فه‌للاح ناوی حه‌مه‌ كوڕی حه‌مه‌ ئه‌مین كوڕی قادره‌ و له‌ ساڵی 1928 له‌ قه‌زای چوارتا (شارباژێر)ی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی هاتۆته‌ دنیاوه‌و ڕۆڵه‌ی خێزانێكی ده‌ست كورت‌و شێوه‌ هه‌ژاره‌و له‌ ماڵێكدا چاوی كردۆته‌وه‌ ڕاست‌و چه‌پی خۆی ناسیوه‌ كه‌ كه‌سیان خوێنده‌وار نه‌بوون و له‌ دێیه‌كدا هاتۆته‌ دنیاوه‌ كه‌ هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌سه‌ر سنوره‌و ناوچه‌یه‌كی گه‌وره‌و دێهاتێكی زۆری له‌سه‌ره‌ ناویان ناوه‌ قه‌زا ..

كه‌ له‌ خه‌م ڕه‌خسیوه‌ باوكی به‌ ده‌ستوری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ویستویه‌تی گوڵستان و بۆستانی سه‌عدی له‌ حوجره‌دا فێر ببێت، به‌ڵام ئه‌م چاوی له‌ هاوڕێكانی كردوه‌و ڕێگای قوتابخانه‌ی گرۆته‌ به‌رو به‌تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌می خوێندنی سه‌ره‌تاییه‌دا زۆر حه‌زی له‌ قسه‌و ئامۆژگاریه‌كانی (ع. و نوری) كردوه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی سێ‌ ساڵێك (39، 40، 41) به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌یان بووه‌ له‌ چوارتا. له‌پاڵا خوێندنه‌كه‌شیدا زۆر یارمه‌تی باوكی داوه‌ له‌ كاروباری دوكان و ورده‌ فه‌رمانی تردا.

هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌ حه‌زی له‌ شیعر و هۆنینه‌وه‌ی كردوه‌و زۆر جار خۆی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ تاقی كردۆته‌وه‌.. پاش ته‌واو كردنی خوێندنی قۆناغی سه‌ره‌تایی باوكی ناردویه‌تی بۆ سلێمانی كه‌ بخوێنێت و له‌ یه‌كه‌م به‌شی ناوخۆیی وه‌رگیراوه‌و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای چۆنیه‌وه‌ تێكه‌ڵا به‌ چالاكی یه‌كێتی قوتابیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و كاروباری سیاسه‌ت بووه‌و له‌ ڕێگای شیعر و شیعر خوێندنه‌وه‌شه‌وه‌، كه‌م‌و زۆر، وه‌ك یه‌كێكی به‌رچاو كه‌وتو جموجوڵا و به‌شداری هه‌بوه‌..

سه‌ره‌تای شیعردانانی بۆ ساڵه‌كانی 1945-1946 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و یه‌كه‌م شیعری ده‌رباره‌ی (نه‌ورۆز)ه‌ هیچی له‌یاد نه‌ماوه‌ .. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌داو ئه‌م چه‌شنه‌ جموجۆڵا و بیروباوه‌ڕه‌ پێشكه‌وتنخوازو باس‌وخواستی چه‌وساندنه‌وه‌و كاروباری خه‌باتی چینایه‌تیه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند شه‌و و ڕۆژێك ده‌بێته‌ میوانی به‌زۆر بانگ كراوی به‌ندیخانه‌، كه‌ ئوتێل به‌لاشیان پێ‌ گوتوه‌ له‌ ژوورێكی ده‌رگا بچكۆله‌ی بێ‌ په‌نجه‌ره‌دا گیری ده‌ده‌ن و ئه‌میش به‌دزییه‌وه‌ له‌سه‌ر پشتی پارچه‌ مقه‌ببایه‌كی شڕ ئه‌م (ئه‌ی شه‌و)ه‌ ده‌نوسێت و ده‌ڵێت:

درێخیم لێ‌ مه‌كه‌ ئه‌ی شه‌و، به‌هێزی جوته‌ باڵی ڕه‌ش

زه‌مینی ژینه‌كه‌م یه‌كسه‌ر بخه‌ ژێر سێبه‌ری باوه‌ش

به‌سه‌رما شێوه‌ ڕه‌شماڵی هه‌ڵی به‌ جوسته‌كه‌م بگرێ‌

هه‌تا ئه‌توانێ‌ پرشنگی ژیانی شادی من بگرێ‌

مه‌هێڵه‌ ڕووبه‌ڕووی من بێ‌، به‌ره‌وڕووی زۆر به‌ده‌ربه‌ستی

بچۆ تاكو له‌ تواناتا هه‌یه‌ زوو بیكه‌ به‌ربه‌ستی

بڕۆ هه‌رچی ئه‌كه‌ی ده‌ربارمی كه‌سا به‌ چالاكی

په‌لامارێكی شێتانه‌ به‌ره‌ سه‌ر تیشكی ڕوناكی

به‌ قامچی گازه‌رای پشتی سه‌راسه‌ر توێخی داماڵی

به‌ره‌و دوا بێ‌ ئه‌وه‌ی سڵا كه‌ی نه‌وه‌ك ڕوناكی ڕاماڵی

له‌ ئامۆژگاری ئه‌ستێره‌و ڕه‌شی ئه‌و هه‌وره‌ تارایه‌

كه‌ تان‌وپۆی چنینی چۆته‌ یه‌ك چیكه‌ت له‌ بارایه‌؟!

به‌ گیانێكی نه‌به‌ز، پڕده‌م، ئه‌ڵێم تۆی ملكه‌چی فه‌وتان

نه‌مان پاشه‌ڕۆژی هێزی كاروانانی ڕێ‌ چه‌وتان

 

مه‌سه‌له‌ی له‌قه‌بی "كاكه‌ی فه‌للاح"یش تا ئێستا زۆر كه‌س نازانێت له‌ چیه‌وه‌ هاتوه‌و ئایا خۆی ناوی وایه‌، یان خۆی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردوه‌، یا خه‌ڵكی به‌سه‌ریاندا بڕیوه‌؟ ئه‌وه‌ی ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م له‌قه‌به‌ هه‌ر ته‌واو ناوه‌ ڕاستیه‌كه‌ی شاعیری قوت داوه‌و جوڵه‌ی لێ‌ بڕیوه‌ .. سه‌ره‌تای ئه‌م له‌قه‌به‌ی بۆ ساڵی 1947 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی پارله‌مان كه‌ پارتی كۆمۆنیست و حیزبی ئازادكردنی نیشتمانی له‌ سلێمانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ته‌واو گه‌وره‌یان بۆ ساز كردو له‌ ساحه‌ی قوتابخانه‌ی سانه‌وی (غازی)، قوتابخانه‌ی شێخ مه‌حمودی سه‌ره‌تایی ئێستا، ئه‌و كۆڕه‌ به‌سترا، ئه‌میش به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پارچه‌ قه‌سیده‌یه‌كی دورودرێژی خوێنده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵێت:

كرێكارو قوتابی و چینه‌كانی ڕووت‌و بێ‌ نانت

سه‌پان ‌و كاكی فه‌للاحی به‌ره‌ی تاڵان كراوانت

له‌گه‌ڵا كیژو هه‌تیوانی كزی بێ‌ سوچ‌و تاوانت

ئه‌ڵێ‌ ده‌ی ڕاپه‌ڕه‌و گوێ‌ بگره‌ كففه‌ی خوێنی لاوانت ..

جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ وشه‌ی (كاكه‌ی فه‌للاح) له‌م شیعره‌دا هاتوه‌و شاعیریش له‌ پێشكه‌شكردندا به‌ ناوی فه‌للاحه‌ ڕه‌ش‌و ڕووت و چه‌وساوه‌كانی ناوچه‌ی شارباژێره‌وه‌ پێشه‌كیه‌كی به‌ په‌خشان خوێنده‌وه‌، له‌قه‌بی (كاكه‌ی فه‌للاح)ی به‌سه‌ردا دابڕاو بوو به‌ له‌قه‌بی شیعری بۆی.

له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ شه‌پۆل‌و لافاوی بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانی به‌ره‌و ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كانونی 1948، ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ به‌رزبونه‌وه‌و ته‌وژما بوو .. دوای بگره‌و به‌رده‌و سزاو ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆرو سه‌باره‌ت به‌ جموجوڵای شیعری سیاسی له‌ كۆبونه‌وه‌و خۆپیشاندانه‌كاندا "كاكه‌ی فه‌للاح" میوانێكی هه‌میشه‌ نوێن به‌كۆڵی خانه‌خۆی نه‌ویستی هه‌ر ڕۆژه‌ نا ڕۆژێكی به‌ندیخانه‌كانی ئه‌و ڕۆژه‌گاره‌ ڕه‌شه‌ بوو، تا وای لێ‌ هات یاساوڵا له‌سه‌ر كورسی قوتابخانه‌ و خوێندن په‌لی گرت و به‌ پێچه‌وانه‌ی یاساوه‌ وه‌سیقه‌ی قوتابخانه‌ و شه‌هاده‌تی موختار، به‌ زۆری زۆرداره‌كی له‌ پۆلی سێی ناوه‌ندی ڕاپێچی سه‌ربازی كراو مۆری (مختلف)یان به‌ ناوچاوانی موعامه‌له‌ ده‌سكرده‌كه‌یه‌وه‌ ناو له‌ترسی جه‌ماوه‌ری گه‌لی سلێمانی، كه‌ خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایی گه‌وره‌ی 30 هه‌زار كه‌سیان بۆ كردو هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر به‌ندیخانه‌، له‌ نیوه‌شه‌ودا به‌ كه‌له‌بچه‌و زنجیری درێژه‌وه‌، پۆلیسی سواره‌، به‌پێ‌‌و چنگ له‌سه‌ر شان، به‌ هه‌ورازی ئه‌زریاندا هه‌ڵگێڕاو له‌ چوارتا كه‌ین‌و به‌ینه‌كه‌ ته‌واو كراو به‌ به‌ندكراوی به‌ره‌و شاره‌ نه‌وتاوییه‌كه‌ی كه‌ركوك كرایه‌وه‌و به‌رگی خاكیان له‌به‌ركرد.

به‌ڵام له‌ سایه‌ی دادگای سه‌ربازی و ویژدانی نه‌مردوی سه‌رۆكی ئه‌و دادگایه‌، پاش ئه‌وه‌ی له‌ گاڵته‌جاڕی ته‌مسیله‌كه‌یان گه‌یشت، بێ‌تاوان ده‌ركراو به‌ په‌نجا دیناری به‌ده‌لی ئه‌وسا ڕزگاری بۆ هاته‌وه‌ بۆ سلێمانی و ڕووی كرده‌وه‌ خوێندن، به‌ڵام میری هه‌ر به‌رهه‌ڵستی كردو له‌ ئه‌نجامدا دوای هێنان‌و بردنێكی زۆر، له‌سه‌ر به‌شداربونی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كانونی دووه‌می ساڵی 1948 ساڵێك به‌ندی و ساڵێك ده‌ست به‌سه‌ری حوكم دراو، به‌ندییه‌كه‌ی له‌نێوان به‌غدادو كوت‌و ده‌ست به‌سه‌ریه‌كه‌ی له‌ پارێزگای (ناصریه‌) به‌سه‌ربرد ..

خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه‌و خاكی كوردستان و به‌ تایبه‌تی چینه‌ چه‌وساوه‌كانی كورد، به‌شێكی دیاربوی به‌رهه‌می گرتوه‌و شه‌قڵی تایبه‌تی خۆی له‌ خه‌رمانی ئه‌و ڕه‌نج‌و ته‌قه‌لایه‌ داوه‌ ئه‌ویش به‌ شیعری (كامیانه‌، خۆشم ئه‌وێ‌، مه‌ردایه‌تی، یادی بێ‌كه‌س، گه‌شتێك له‌ زمان جوانه‌مه‌رگێكه‌وه‌، كوردستان، هه‌تاكه‌ی، بۆ هه‌ڵۆ، هه‌تسێكی پیرۆز، به‌سته‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی نه‌ناسراو، ..)  كه‌ تێكڕا وه‌ك بابه‌تێكی ریالیزمی شۆڕشگێڕانه‌ مۆركی تایبه‌تی نه‌ته‌وایه‌تیان پێوه‌ دیاره‌.

      سه‌ رچاوه‌: له‌ ڕۆڤاره‌وه‌ وه‌رگیراوه‌
‌زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
Address: Iraq - Kurdistan - Sulaimany
Tel: 07480172102 | Email: [email protected]