‌سلێمانی
  پیشه‌ی زه‌ڕه‌نگه‌ری له‌ سلێمانی چۆن سه‌ری هه‌ڵدا؟
-  SNNسامان قوبادی

پاش هاتنی جوله‌كه‌كان بۆ شاری سلێمانی، له‌دوای خۆیان مێژوویه‌كی پرشنگداریان به‌جێهێشت، كه‌ داهاتووی چه‌ندین خه‌ڵكی لێهاتووی له‌سه‌ر بنیادنرا، ئه‌ویش به‌ داهێنانی چه‌ند پیشه‌یه‌ك كه‌ جۆرێك له‌ نوێگه‌ری و داهێنانی خسته‌ ناو بازاڕی ئه‌م شاره‌وه‌، له‌هه‌مانكاتدا په‌یوه‌ندی خه‌ڵكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سلێمانی له‌گه‌ڵ جوله‌كه‌كاندا ته‌نها له‌ چوارچیوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ خۆیاندا چه‌ندین جۆر پیشه‌ی نوێ‌ و به‌تایبه‌تی  زه‌ڕه‌نگه‌ری بۆ ئه‌م شاره‌ گواستراوه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌ پێگه‌یاندنی گه‌نجی به‌توانای ئه‌و زه‌مه‌نه‌ له‌سه‌رده‌ستی ئه‌وان، ئه‌مه‌ش زیاتر په‌یوه‌ندیه‌ تایبه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی شار و خێزانه‌ جوله‌كانی پته‌وتر كردووه‌.

مێژووی پیشه‌ی زه‌ڕه‌نگه‌ری له‌ سلێمانی

هه‌روه‌ك پیشه‌گه‌ره‌ دێرینه‌كانی سلێمانی ده‌یگێڕنه‌وه‌، مێژووی  سه‌رهه‌ڵدانی زه‌ڕه‌نگه‌ری له‌م شاره‌دا  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ی كه‌ جوله‌كه‌كان كۆچیان كردووه‌ بۆ كوردستان، هاوكات له‌گه‌ڵ كلتور و دابونه‌ریتی خۆیاندا ئه‌م پیشه‌ به‌هاداره‌یان هێناوه‌و په‌ره‌یان پێداوه‌.

جه‌لال بایز، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ زه‌ڕه‌نگه‌ره‌ دێرینه‌كانی  سلێمانی له‌ساڵی 1958وه‌ سه‌رقاڵی بواره‌كه‌یه‌ باس له‌وه‌ده‌كات، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی  1950وه‌ كاتێك جوله‌كه‌كان هاتنه‌ سلێمانی، پیشه‌ی زه‌ڕه‌نگه‌ریان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێناوه‌، وه‌ك ئه‌و زه‌ڕه‌نگه‌ره‌ ده‌یگێرێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌وان  كارێكی زۆر باشیان له‌دوای خۆیان به‌جێهێشت،  هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ده‌ستیان چه‌نده‌ها گه‌نجی به‌توانا فێری پیشه‌كه‌ كران، كه‌ له‌ئێستادا به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئه‌وكاره‌. ووتیشی: له‌دوا به‌جێهێشتنی سلێمانی و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵاتی ئیسڕائیل، ئه‌و كه‌سانه‌ی لایان كاریان ده‌كرد، جێگای ئه‌وانیان گرته‌وه‌  ئه‌وانیش وه‌ك: حاجی عه‌زیزی زه‌ڕه‌نگه‌ر و عوسمانی عه‌لی به‌گ، له‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ پێشتر كاریان لای جوله‌كه‌كان كردبوو.

جه‌لال بایزی زه‌ڕه‌نگه‌ر، باس له‌و  ڕێگایانه‌ ده‌كات بۆ دروستكردنی پارچه‌ ئاڵتونی جۆراوجۆر كه‌ له‌پیشه‌كه‌دا به‌كارده‌هێنرێت  ووتی: له‌سه‌ره‌تادا لای جوله‌كه‌كان به‌ چه‌كوش ئاڵتوون ڕاده‌كێشرا و ماندوبونێكی زۆری ویستووه‌، پاش ئه‌وه‌ مه‌كینه‌ی ده‌ستی هاته‌ سلێمانی و ئاڵتونه‌كه‌ی به‌ده‌ست لێوه‌  ڕاده‌كێشرایه‌ ده‌ره‌وه‌،هه‌روه‌ها ئاڵتوون خۆی پاكه‌، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی ده‌گیرێته‌وه‌ پێویسته‌ جارێكی تر پاك بكرێته‌وه‌.

" فرۆشی ئاڵتوون وه‌كو ئێستا نه‌بووه‌"

  به‌ ده‌م خوارنه‌وه‌ی چایه‌كی گه‌رمه‌وه‌ جه‌لال بایزی زه‌ڕه‌نگه‌ر ڕایوابوو، به‌راورد به‌و زه‌مه‌نه‌ كۆنه‌، فرۆشی ئاڵتوون وه‌كو ئێستا نه‌بووه‌، ئه‌وه‌شی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ هه‌ژاری و كه‌م ده‌رامه‌تی خه‌ڵكی ئه‌وكاته‌، كه‌ توانای نه‌بوو ئاڵتونێكی زۆر بكرێت، هه‌روه‌ها له‌و كاتانه‌ی كه‌ سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنم بوو به‌ پیشه‌كه‌، جاری واهه‌بووه‌ له‌ مانگێكدا لاگیره‌یه‌ك یان ملوانكه‌یه‌كمان دروست ده‌كرد.

"ته‌نها خواپێداوه‌كان ده‌یانتوانی بیكڕن"

 له‌ مێژووه‌ پرشنگداره‌كه‌ی سلێمانیدا چه‌ندین جۆر ئاڵتوون به‌رهه‌م هێنراوه‌ وه‌ك ( گۆبه‌رۆك و دوگمه‌و دۆڵاب له‌گه‌ڵ  گه‌ردانه‌)، به‌ڵام له‌ئێستا به‌زۆری لیره‌ و عاشق به‌ن و زنجیر و گۆبه‌رۆك دروست ده‌كرێت.

به‌ ووته‌ی زه‌ڕه‌نگه‌ره‌ دێرینه‌كه‌ی سلێمانی، له‌ ساڵانی شه‌سته‌كاندا گۆبه‌رۆكێكی دروستكردووه‌ و به‌ 3 دینار، به‌ڵام ئێستا به‌ 1000دیناره‌، هه‌رچه‌نده‌ كاتی خۆی خه‌ڵك ئه‌و پاره‌یه‌ی پێ هه‌ڵنه‌ده‌سوڕا، به‌لام به‌و ووته‌ی خوی ته‌نها خوا پێداو و بنه‌ماڵه‌ خانه‌دان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان كه‌ ژنیان بۆ كوڕه‌كانیان ماره‌ ده‌كرد بۆیان ده‌كڕین.

"چیرۆكی چیابوونه‌وه‌ی ژن و مێرد له‌ كاتی كڕینی ئاڵتوون"

له‌باره‌ی دروستبوونی چیرۆك و ڕووداو له‌ كاتی كڕین و دروست كردنی جۆری ئاڵتووندا، بایزی زه‌ڕه‌نگه‌ر كورته‌ چیرۆكێكی دڵ ته‌زێنی بۆمان گێڕایه‌وه‌ و ووتی: كاتی خۆی   كوڕ و كچێك  هاتنه‌ لام بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر داوای خۆیان جۆری ئاڵتونیان بۆ دروست بكه‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌  له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كچه‌كه‌ ئاڵتوونێكی زۆری داواكرد، كوڕی داماویش له‌توانایدا نه‌بوو ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ویستی  بۆی بكرێت، بۆیه‌ له‌هه‌مان شوێندا لێك جیابونه‌ته‌وه‌.

"كیلۆیه‌ك ئاڵتوون به‌ 412 دینار"

هه‌روه‌ك ئه‌و زه‌ڕه‌نگه‌ره‌ بۆمانی گێڕایه‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا نه‌وعیه‌تی ئاڵتوون گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و به‌ره‌وپێشچوو، ئه‌ویش به‌هۆی دروستبوونی گۆڕانكاری له‌ دنیادا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ له‌ساڵی 1962دا ئه‌و كاته‌ی شاگردبووه‌ 1 كیلۆ ئاڵتوونیان له‌ حكومه‌ت وه‌رده‌گرت به‌ 412دینار. هه‌روه‌ك خۆی باسی لێوه‌كرد، سه‌رجه‌می ئه‌و جه‌نگانه‌ی پێشتر له‌ عێراقدا ڕویداوه‌ كاریگه‌ری خراپی بۆ سه‌ر نرخی ئاڵتوون هه‌بووه‌، هه‌روه‌ك ئێستا ده‌یبینین نرخی  كیلۆیه‌ك ئاڵتوون به‌رز بوه‌ته‌وه‌ بۆ 5ده‌فته‌ر دۆلار.

له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا باسی له‌و ئاڵتونچییه‌ دێرینه‌ به‌ناوبانگانه‌ی شاری سلێمانی كرد كه‌ هه‌ندێكیان كۆچی دواییان كردووه‌ ئه‌وه‌شی  خسته‌ڕوو، كه‌ زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و كاره‌یان كردووه‌، له‌ كه‌سه‌ به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌و كاته‌ی سلێمانی

وه‌ك: ( عه‌زیزی زه‌ڕه‌نگه‌ر و حاجی نه‌جم و عوسمانی عه‌لی به‌گی زه‌ڕه‌نگه‌ر.(

جه‌لال بایزی زه‌ڕه‌نگه‌ر ئه‌وه‌ی پێ وتین، پێشتر له‌گه‌ڵ بازرگانانی به‌غدا كڕین و فرۆشتن له‌نێوانیاندا هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌زۆری  ئه‌مان ئاڵتونیان له‌وان ده‌كڕی، چونكه‌ كاره‌كانیان لای ئێمه‌ بازاڕی باشی هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ی عه‌ره‌بی جیاوازه‌ له‌ كوردی، وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌و شتانه‌ی ئێمه‌ دروستی ده‌كه‌ین به‌زۆری له‌ ناوچه‌كانی خۆماندا ده‌فرۆشرێن و به‌كارده‌هێنرێت.

"ئاوابوونی خۆری پیشه‌ی زه‌ڕه‌نگه‌ری"

له‌ دوكانه‌كه‌ی جه‌لالی زه‌ڕه‌نگه‌ردا گفتوگۆكه‌مان درێژه‌ پێداو ناوبه‌ناو دوو وه‌ستای دیكه‌ كه‌ پیشه‌كه‌یان زه‌ڕه‌نگه‌ری بوو پییان ده‌بڕین و  باسیان له‌وه‌ ده‌كرد، پێویسته‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ڕێ له‌و ڕێژه‌ زۆره‌ی هێنانی ئاڵتوون بگرێت، كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ هاوورده‌ ده‌كرێت، چونكه‌ كاریگه‌ری خراپی بۆسه‌ر پیشه‌كه‌ هه‌یه‌، هاوكات جه‌لالی زه‌ڕه‌نگه‌ر بۆخۆی یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی له‌ سلێمانیدا  به‌ وه‌ستایه‌كی باش ناسراوه‌، به‌داخه‌وه‌ وه‌ك خۆی باسی لێوه‌ ده‌كات، له‌ئێستادا به‌هۆی هێنانی ئاڵتوون له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌داره‌كانه‌وه‌ به‌ نرخێكی هه‌رزان، ئه‌و پیشه‌یه‌ی كه‌ جووله‌كه‌ بۆی هێناین، خۆری به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چێت.

 

 


‌زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
Address: Iraq - Kurdistan - Sulaimany
Tel: 07480172102 | Email: [email protected]